لە سلێمانی بەهۆی دوو کرێکارەوە لێپێچینەوە لە کۆمپانیایەک دەکرێت

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو کرێکار، کە لە کاتی کاردا کەرەستەی خۆپارێزییان بەکار نەهێناوە، وا لە لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران دەکات لێپێچینەوە لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بکات.
هەفتەی رابردوو هاوڵاتییەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو کرێکار بڵاو دەکاتەوە، کە لەسەر باڵەخانەیەک لە پڕۆژەیەکی شاری سلێمانی کار دەکەن و هییچ کەرەستەیەکی خۆپارێزی و سەلامەتییان بەکار نەهێناوە.
دوای ئەوەی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گرتە ڤیدیۆییەکە دەبینن، لەگەڵ لیژنەیەکی قایمقامییەتی سلێمانی سەردانی پڕۆژەکە دەکەن و لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکە دەکەن.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: کاتێک سەردانی پڕۆژەکەمان کرد، کۆمپانیاکە کەرەستەکانی سەلامەتیی پیشان داین و وتیان کرێکارەکان خۆیان کەمتەرخەمییان کردووە.
دەشڵێت؛ کۆمپانیاکەمان ئاگادار کردەوە نابێت کاری وا دووبارە ببێتەوە.
سەرۆکی سەندیکاکە ئامادە نەبوو ناو و شوێنی پڕۆژە و کۆمپانیای جێبەجێکاری ئاشکرا بکات.
بەپێی زانیاریی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 کرێکار لەسەر پڕۆژەکان بە شێوەی سووک و قورس بریندار بوون.