بۆ دانپێدانانی فەرمی
زانکۆی گەرمیان چاوڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای 16 ساڵ هێشتا زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیپێدا نەنراوە، ئەمەش گرفتی بۆ خوێندکاران دروستکردووە بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن، لە دامەزراندنەکانی عێراق بێبەش دەبن.
ئاراس فەریق سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “تازەترین گۆڕانکاری لە بابەتی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ئەوەیە حکومەتی عێراق داوای پرۆپۆزەڵی لێکردوین، ئێمەش دوو پرۆپۆزەڵمان پێشکەش کردووە”.
“یەکێک لە پرۆپۆزەڵەکان وەک زانکۆی گەرمیان پێشکەشمانکردووە، ئەوەی دیکەش خەڵکی خانەقین بە کۆکردنەوەی 10 ھەزار واژۆ بۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە قەزاکە پێشکەشیانکردووە”، ئاراس فەریق وای وت.
دەشڵێت، “پێکنەھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کارەکانی ئێمەشی وەستاندووە چاوەڕێی جوابی عێراقین، ھەر رێکارێک ھەبێت بۆ دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ئێمە ئامادەین”.
ئاراس فەریق ئاشکراشیکرد، ئەگەر زانکۆیەک لە خانەقین بکرێتەوە، سێ کۆلێژ لە زانکۆی گەرمیان دادەبڕێن و دەچنەسەر زانکۆی خانەقین.
زانکۆی گەرمیان لەساڵی 2010 دامەزراوە، بینای سێ کۆلێژی لە خانەقینە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، نابێت زانکۆیەک لەدوو پارێزگا ھەبێت و بەوھۆکارە دانیپێدا نانێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری