ده‌یه‌وێت ببێتە بەهێزترین خانمی جیهان

ئیداره‌ى راپه‌ڕین‌ پێشوازى له‌ كچه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ى كرد

964+

مەجید بیتوێنی – رانيه

ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین پێشوازى له‌ كچه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ى كرد كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو له‌ وڵاتى میسر له‌سه‌ر ئاستى 57 وڵات پله‌ى یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، هەفتەی رابردوو لە وڵاتی میسر پاڵەوانێتی هێزی لەشی خانمان بۆ 57 وڵات بەڕێوەچوو، تیایدا دڵخۆش عەبدوڵا کچە یاریزانێکی رانیە توانی خەڵاتی ئاڵتونی بەدەستبهێنێت.

دڵخۆش عەبدوڵا یاریزانی هەڵبژاردەی هێزی لەشی عێراق و کوردستان  بە 964ـی وت “دوای ئەوەی بەشداریم کرد لەو پاڵەوانێتییە جیهانییە توانیم بۆ هەرسێ بەشی دێیت لیفت و سکوەیت و بینچ پرێسس پلەی یەکەم بەدەستبهێنم”.

وتیشی، ئەمڕۆ گەشتەوە زێدی خۆی لە شاری رانیە، لە لایەن ئیدارەی راپەڕین بە چەپکە گوڵ پێشوازی لێکراو لەلایەن هیواقەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارە راپەڕین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا .

ساڵی پار دڵخۆش وەک بەهێزترین خانمی عێراق دیاریکرا لە پاڵەوانێتی هێزی لەش ، توانی یەکەمی یەکەمەکان لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت و خەڵاتی یەکەم وەربگرێت هەرئەمەش وایکرد بپاڵێورێت بۆ پاڵەوانێتی هێزی لەشی میسر.

دڵخۆش، دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە وەک کوردێک بە شانازییەوە توانی لەسەر ئاستی 57 وڵاتی جیهان پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت .

دڵخۆش خەونەکەی بۆ 964 ئاشکراکرد، کە ببێتە بەهێزترین خانمی جیهان و لەهێزی لەشدا، بۆیە ده‌ڵێت “ماوەی حەوت ساڵە بێوچان راهێنان دەکه‌م بۆ ئەو ئامانجە”.

964 ده‌زانێت، دڵخۆش عەبدوڵا یاریزانی هێزی لەش  تائێستا لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانێتی جیاجیای کردوە، لەسەر ئاستی جیهانیش توانیویەتی چەند خەڵاتێک بەدەستبهێنێت لە ماوەی رابردووشدا لە پاڵەوانێتی ساڵانەی هێزی لەشی ئاسیا پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی جیهانیش پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە .

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن