قامیشلۆ دەبێتە ناوەندی بازاڕکردن؛ یەکەمین فێستیڤاڵی بازرگانی دەستیپێکرد
پەری ساڵح
لە یاریگەی 12ی ئازاری شاری قامیشلۆ، یەکەمین فێستیڤاڵی بازاڕکردنی شارەکە بە بەشداریی زیاتر لە 45 کۆمپانیا و براندی ناوخۆیی و دەرەکی دەستیپێکرد.
فێستیڤاڵەکە کە تا 24ـی تەممووز بەردەوام دەبێت، تێیدا زیاتر لە 45 کۆمپانیا و بەرهەمهێنەری ناوخۆیی و دەرەکی بەشدارن و بەسەر 47 گۆشەدا؛ لەوانە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی سوریا، چێشتخانە و کافتریای جیاواز، هاوکات دوو بریکاری کۆمپانیاکانی وڵاتی سعودیەش بەشدارییان تێدا کردووە.
ریڤان دەروێش، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بۆ 964 رایگەیاند: “ئامانجی سەرەکیمان لە رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە بێجگە لە ژیاندنەوە و چالاککردنەوەی جووڵەی بازاڕ، ئاشناکردنی هاوڵاتییان و خەڵکی ناوچەکەیە بە بەرهەم و کەلوپەلی کۆمپانیا جیاوازەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر وەک پێشکەشکردنی دابەزاندنی تایبەت لە نرخەکان (ئۆفەر)، ئەنجامدانی پێشبڕکێ و دابەشکردنی دیاری بەسەر ئامادەبووان و سەردانیکەراندا بەڕێوەدەچێت.