سۆراغی 964
لە هەولێر 11 و لە سلێمانی 18مەتر ئاوی ژێرزەوی زیادیان کردووە
964+
رێباز خدر لە هەولێر – ئەحمەد محەمەد لە سلێمانی
رێژەی زۆری باران بارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، وای کرد کە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بوژانەوەیەکی زۆر باش بەخۆیەوە ببینێت و ئاوێکی زۆر لە رێگەی پۆند و بەنداوەکان کۆبکرێتەوە، وە بەشێکی دیکەی بڕژێتە نێو حەوزەکانی ژێرزەوییەوە.
بەپێی ئەو داتا و زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو و ئاوی ژێرزەوی دەست 964 کەوت، لە سنوری پارێزگای هەولێر سێ حەوزی گەورە هەیە، ئەوانیش، حەوزی باشتەپە، حەوزی ناوەڕاست، حەوزی باکوور، تەنیا لە یەک حەوزیان نزیکەی 11 مەتر ئاوی کۆگاکراوی زیادی کردووە.
ئەویش حەوزی باشتەپەیە کە نزیکەی 11 مەتر ئاوی ژێرزەوی زیادی کردوە بە بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا، کۆی گشتی ئاوی ژێر زەوی لە سنوری پارێزگای هەولێر لە نێوان 2 بۆ 11 مەتر زیادی کردووە تاوەکو ئێستا، ئەم رێژەیەش گۆڕانکاری بەسەر دادێت بەرە زیادبوون و کۆتایی وەرزی باران بارین.
ئاوی ژێرزەوی، یەکێکە لە سەرچاوە ئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی وشکە ساڵی و رێژەی زۆری لێدانی بیری ئاو، ئاوەکە کەمی کردبوو، لە ئێستا دا بەهۆی بارینی زۆر و پڕۆژەی ئاوی خێرای هەولێر و ئاوی قوشتەپە، نزیکەی هەزار بیر لە سنوری پارێزگای هەولێر داخراون.
لە سلێمانی دۆخەکە جیاوازترە، بەپێی ئاماری كۆگا و حەوزەكانی سەنتەری سلێمانی، ئاستی جێگیری ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەوانی 4 بۆ 18 مەتر بەرزبووەتەوە و داتاكەش بەپێی شوێنەكان دەگۆڕێت.
ئەگەر بەراوردی بكەین. بە ساڵی 2025 بەرزترین ئاستی ئەو رێژەیە 12 مەتر بووە، واتا شەش مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەچاو پارساڵ زیاترە و تەنانەت دوو مەتریش بەرزی ئاستی ئاوەكەی لە ساڵی بارانە زۆرەكەی 2019 زیاترە.
روونتر بڵێین، ئەگەر بیرێك ساڵی 2025 لەسەنتەری بە 40 مەتر گەیشتبێتە ئاو، ئەوا ئەمساڵ تێكڕای گەیشتن 22 مەتر، جیاوازیەكەش 18 مەتر و رێژەیەكی یەكجار بەرزە.
وەک ئەوەی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بۆ 964 روونیان کردووەتەوە، دوو هۆكاری بەرزی ئاستی جێگری ئاوی ژێر زەوی بۆ ئەمساڵ ئەوەیە، كە بارانەكان لە وەرزی زستان و سەرەتای بەهاردا بووە و كەمترین بەهەڵمبوونمان هەبووە و زەوی هەمووی لەخۆگرتووە، وە شێوازی بارانی ئەمساڵیش كە دوابەدوای یەك بووە، زەوی تێر ئاو بووە و تەواو وشك نەبووەتەوە هۆكارێكی دیكەی بەرزی ئاستە شۆكهێنەرەكەیەتی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا