دەستبەسەر جۆرە لێزەرێک گیردرا کە چاو دەسووتێنن

میدیازان – پێشەوا محەمەد

لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا، لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لێزەر گرت کە بەچاوی هەر کەسێک بکەوێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی تشرینی دووەم، قایمقامیەتی سلێمانی دەستبەسەر گرتنی هەزارو ٢٠٠ گڵۆپی لێزەەی گرت کە بەکارهێنانیان زیان بەچاو دەگەیەنێت.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست میدیازان کەوتووە، قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێ لێزەرەکان لەناو مەدالیا و قەڵەم و یارییە منداڵانەکاندا بوونە، ئەو جۆرە لێزەرانەش قەدەغەن بەهۆی ئەوەی زیانی بۆ چاو هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەسەر ئەو پرسە دەڵێ، ئەو لێزەرانە دەبنە هۆی سووتانی سەنتەری بینین و لەدەستدانی چاو، وتی ” ئەو جۆره‌ لێزه‌رانە، ئەگەر‌ ئاراسته‌ی چاو بكرێن ده‌بێته‌ هۆی سووتاندنی سه‌نته‌ری بینیین و، هه‌ندێک كاتیش ده‌بیته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی بینین”.

پێشتر میدیازان، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەو لێزەرانە کردبوو، مەترسییەکانیشی لەڕووی تەندروستییەوە ئاشکرا کردبوو.