قەرارگای خاتەمولئەنبیا:

“گەرووی هورمز گەڕایەوە دۆخی جاران و داخرایەوە”

شۆڕش قادری

قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دۆخی گەرووی هورمز وەک پێشتری لێدێتەوە و لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، “کۆماری ئیسلامی بە نیەت پاکی و بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو کە لە دانوستانەکان بەدیهاتبوون، رەزامەندیدا بەتێپەڕبوونی بەشێک لە کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا، بەڵام ئەمریکییەکان بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان و لەژێر ناوی گەمارۆی دەریایی بەردەوامن لە راوڕووت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئەو کاتەی ئەمریکا بەتەواوەتی رێگا بە چوونی کەشتییەکان بۆ ناو ئێران و بەپێچەوانەوە، دەدات، دۆخی گەرووی هۆرمز وەک پێشتری لێدێتەوە و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ  عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئاگربەستی لوبنان و راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، بڕیاریانداوە گەرووی هورمز بکەنەوە.