"مونافس بۆ گەڕەکی سەرچنار دروست دەکەین"
لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا شارە حەیاتەکە سەوزتر دەکرێت و 130 نەمام چێندران
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا و لە هەڵمەتێکدا 130 نەمام لەسەر شەقامی تەنیشت پارکی ئازادی لە سلێمانی دەچێندرێن، بەڕێوەبەری باخچەکانی شارە حەیاتەکەش بەڵێن دەدات، گەڕەکێک بۆ مونافسی سەرچنار دروست بکات لەڕووی سەوزاییەوە.
لە هەڵمەتەکەدا بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی خۆی بەشداربوو، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەموو رۆژێک لای ئێمە رۆژی ژینگەیە و هەڵمەتمان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ کە تایبەتە بە ژینگەی کوردستان، دەمانهەوێ بیری هەر تاکێکی خۆمان بخەینەوە کە بابەتی ژینگە پەیوەندی بە ژیانی هەموومانەوە هەیە”.
“بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ 130 نەمامی گەورە لە جۆری ناروەند و تولە نەمام دەڕوێنین و هەفتەی داهاتووش 500 نەمامی دیکە لە جۆری کاجی مەشهەدی لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەچێنین”، بەهرۆز سالار وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی تا کۆتایی ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 23.6٪ و ئومێد دەکەن بەم جۆرە هەڵمەتانە رێژەکە زیاتر بکرێت.
بەقسەی بەهرۆز سالار لەئێستادا سەرچنار سەوزترین گەڕەکی شاری سلێمانییە و ئاشکراشیکرد لە بەرنامەیاندایە بۆ ساڵی داهاتوو گەڕەکێکی دیکە وەک سەرچنار سەوز بکەن و بیانکەنە مونافسی یەکتر.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری