بۆردومانی بنکەکانی ئەمریکا لە دەوروبەر

“ئێران مانگی دەستکردی سیخوڕی چینی بەکارهێناوە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ئاشکرای کردووە، سوپای پاسداران بۆ لێدانی بنکەکانی ئەمریکا لە دەوروبەر، مانگی دەستکردی سیخوڕی چینی TEE-01B بەکارهێناوە.

رۆژنامەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 15.4.2026 دەڵێت بەڵگەنامەی سەربازیی ئێران دزەی کردووە، کە سوپای پاسداران بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران، مانگی دەستکردی سیخوڕی چینی TEE-01B بەکارهێناوە.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، مانگە دەستکردەکە لە کۆتاییەکانی 2024 لە بۆشایی ئاسمانی چینەوە هاتووە، لە ئاداری رابردوو وێنەی ئامانجەکانی گرتووە، دواتر دوای بۆردومانەکان دووبارە وێنەی شوێنەکانی گرتووەتەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، مانگی دەستکردی چینی TEE-01B زۆر پێشکەوتووە، لە دووریی نیو مەتر وێنەکان بە کواڵێتییەکی بەرز دەگرێت، کواڵێتی وێنەکانی لە وێنەی مانگی دەستکردی رۆژئاواییەکان بەرزترە.

نیکۆڵ گراجیڤسکی، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە زانکۆی ساینس پۆ بە رۆژنامەکەی وتووە: روونە ئەم مانگە دەستکردە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێت، بەو پێیەی لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت نەک بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی مەدەنی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران زۆر پێویستی بەم توانایە هەیە، کە لەلایەن قەوارە بیانییەکانەوە دابینکراوە لەم شەڕەدا، چونکە ئەمە وا دەکات سوپای پاسداران بتوانێت پێشوەختە ئامانجەکان دەستنیشان بکات و سەرکەوتنی لێدانەکانی پشتڕاست بکاتەوە.

ئێران لە ماوەی شەڕی 40 رۆژەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، دەیان بنکەی سەربازی و پێگەی دیپلۆماسی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو بۆردومان کرد، هەروەها زۆرترین هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش ئەنجام دا، دواترینیان دوێنێ سێشەممە بوو، کە هەرچەندە ئاگربەستە و شەڕ وەستاوە، بەڵام بە چەند درۆنێک چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژنە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سورداش شەهید بوو.