له‌ عەربەت سزا بۆ غازفرۆشان دانرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ عه‌ربه‌ت قه‌یرانى كه‌می غازی ماڵان دروستبووه‌، خه‌ڵك ده‌ڵێن، غازفرۆشه‌كان كه‌مترین غاز له‌ ناو عه‌ربه‌ت ده‌فرۆشن و ده‌یبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ نرخی غاز گرانبووه‌ و به‌ ئاسانى ده‌ستناكه‌وێت، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش رێوشوێنى تووند له‌به‌رامبه‌ر غازفرۆشان ده‌گرێته‌ به‌ر و سزاشی بۆ داناون.

به‌شێكی دانیشتوانى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت لە تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تى تایبه‌تى خۆیان، بڵاویانكرده‌وە كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ قەیرانی غازی ماڵان دروستبووه‌.

هۆكاری ئه‌و قه‌یرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ غازفرۆشه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى عه‌ربه‌ت غاز ده‌فرۆشن و به‌هۆیه‌وه‌ نرخی غاز بۆ ئه‌وان گرانبوو، یان به‌ ئاسان ده‌ستیان ناكه‌وێت.

له‌به‌رامبه‌ردا دابان محه‌مه‌د حاجى ره‌حیم به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت – تانجه‌ڕۆ، بۆ 964، ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانى غاز له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌ی نه‌بووبێت، راشیگه‌یاند “كێشه‌ى غاز هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى باسیان كردووه‌”.

وتیشی “كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سەرجەم بریکارەکانی فرۆشتنی غازی ماڵان کردووە و پاش ئاگادارکردنەوەیان لە حاڵەتی گرانفرۆشی هاوکات داوایان لێکرا پابەندبن بە فرۆشتنی غاز تەنیا لە سنووری ناحیەکەمان”.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ئه‌وه‌شی وت، كه‌ هه‌ر بریكارێك پابه‌ند نه‌بێت سزا دەدرێت، وتیشی “سزاكه‌ى هەڵوەشاندنەوەی بریکارنامەکەیه‌تی”.