ئەرکى حکومەتى عێراقە

دانیشتووانی بناری خاڵخاڵان بۆ دروستکردنی پردێک گردبوونەوە

964+

دەریا ئەحمەد- کۆیە

دانیشتووانی گوندەکانی بناری خاڵخاڵان لەسەر رێگای نێوان قەزای تەقتەق و ناحیەی ئاغجەلەر گردبوونەوە، بۆ داواکردنی دروستکردنی پردێک لە نزیک گوندی “قەسرۆک” کە بەهۆی نەبوونییەوە لە وەرزی بارانباریندا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، لە کاتی هاتنی لافاودا رێگاکە بە تەواوی دادەخرێت و چەندین جار ئاو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی بردووە. یەکێک لە مەترسیدارترین رووداوەکانیش ساڵی رابردوو بووە، کاتێک پاسێکی خوێندکاران کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە و بە هەوڵی خەڵک منداڵەکان رزگار کراون، بەڵام پاسەکە کەوتووەتە ناو زێی بچووکەوە.

وەک ئەوەى خۆپیشاندەران بۆ 964 قسەیان کردووە، ئەوان داوا لە حکومەت ناکەن چونکە چەندین جار داوایان کردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، ئێستا داوا لە خێرخوازان دەکەن هیمەتێکیان بۆ بکەن و ئەم پردەیان بۆ دروست بکەن.

ئەم رێگایە بە رێگایەکی ستراتیژی هەژمار دەکرێت، چونکە سێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و کەرکوک) پێکەوە دەبەستێتەوە. بەشێک لە دانیشتووانەکە داوا لە پارێزگاری کەرکوک دەکەن بەدەم بەڵێنەکانی پێشوویەوە بێت و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، چونکە لە رووى ئیدارییەوە سەر بە کەرکوکە.

لاى خۆیەوە، هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر سەبارەت بەم گرفتە بە 964ی راگەیاند، کە نووسراوی فەرمییان ئاراستەی ئاوەدانکردنەوەی چەمچەماڵ کردووە و بڕیارە هەر کاتێک کەشوهەوا جێگیر بوو، دەست بە کارکردن لەو پردەدا بکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رووداوێکى قورسى هاتوچۆ پێنج بریندارى لێکەوتەوە

رووداوێکى قورسى هاتوچۆ پێنج بریندارى لێکەوتەوە