وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل
کۆمەڵکوژى کوردى کردووە
ئەردۆغان “پڵنگى کارتۆنییە”؛ شەڕەقسەى ئیسرائیل و تورکیا بەردەوامە
وریا فەتاح
لە دوێنێوە بەرپرسانى ئیسرائیل و تورکیا شەڕە قسەیان دەستپێکردەوە و هەردوکیان یەکترى بە خوێنرێژ و کۆمەڵکوژ وەسف دەکەن، لە نوێترین لێدواندا، وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل، هێرشى توندى کردە سەر ئەردۆغان و بە “پڵنگى کارتۆنى ناوى هێنا”.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامەکەیدا کە لە ئێکس بڵاوى کردووەتەوە و هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بە “دووڕوو” و “پڵنگی کارتۆنی” وەسفی کرد.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەردۆغان بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران کە ئاراستەی ناوچەکانی تورکیا کران بێدەنگ بوو، بەوەش دەرکەوت کە تەنیا “پڵنگێکی کارتۆنییە” و دەسەڵاتی نییە.
کاتس بە توندی هێرشی کردە سەر ئەردۆغان و وتی: “ئەو پیاوەی ئیخوان موسلمین کە خۆی کۆمەڵکوژیی دژی کوردەکان ئەنجامداوە، ئێستا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی جینۆساید.
یسرائیل کاتس جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بە توندی و بەردەوامی بەرگری لە خۆی دەکات و وتی: “بۆ ئەردۆغان باشترە تەنیا بێدەنگ بێت.”
شەڕەقسەى نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە دوێنێوە دەستیپێکردووە، ئەوەش کاتێک، بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆکى ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژیى کوردان، ئەردۆغانى تۆمەتبارکرد و دواتر وەزارەتى دەرەوەى تورکیا وەڵامى دایە و وتى،” ئیسرائیل کۆمەڵکوژى کردووە”.