"ھیچ رێزێکیان بۆ مردووەکان نەهێشتەوە"
سەیرانی خۆیان کرد و گۆڕستانەکەی گوندی بەرلووتیشیان کردو زبڵخانە
964+
میلاد جەلال – کەلار
دوێنێ ھەینی لە گەرمیان جەو خۆش بوو بەشێکی ھاوڵاتیان روویان لە سەیرانگاکان کرد، بەڵام ئەوەی لە گوندی بەرلووت لە نزیک کەلار، کردوویانە بە کارێکی ناشارستانی و نەگونجاو وەسفی دەکەن، چونکە گەشتیاران گۆڕستانی گوندەکەیان کردووەتە زبڵخانە.
ئەرسەلان ئەحمەد، دانیشتوی گوندەکە بە 964ى وت، دوێنێ گەشتیارێکی زۆر ھاتبونە گوندەکەیان، ھەر لەتەنیشت گۆڕستانی گوندەکە دانیشتبوون، بەڵام دوای رۆشتنەوە زبڵ و پاشماوەیەکی زۆریان لەناو گۆڕەکان فڕێداوە.
وتیشی “جگە لەفڕێدانی پاشماوەکانیان لەتەنیشت گۆڕەکان دانیشتوون و گۆرانی ھەڵپەرکێیان گەرم کردبوو، ھیچ رێزێکیان بۆ مردووەکان نەهێشتەوە، ئەمەش ئێمەی زۆر زیاتر بێتاقەت کرد”.
داواکارە، کە هاوڵاتیان بۆ گەشت و سەیران دەڕۆنە ھەر شوێنێک جێگاکانی خۆیان پاکبکەنەوە، داواش لە شارەوانی کەلار دەکات سەتڵی گەورەی خۆڵ و خاشاک دابنێ، بۆ ئەوەی گۆڕستانی گوندەکەیان بە پاکی بمێنێتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن