دوای هەواڵی گەمارۆدانەکە

“بە ئاڵای ئێرانەوە سێ کەشتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیوون”

ئەحمەد مستەفا

تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی دەڵێت، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەمارۆدانی دەرچە ئاوییەکان لە ئێران لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا “سێنتکۆم”، تەنیا لە گەرووی هورمز سێ کەشتی تێپەڕیوون.

بەقسەی ئەو تۆڕە هەواڵییە، سێ کەشتییە ئاڵای ئێران-یان لەسەر بینراوە، بەبێ ئەوەی دیاری بکرێ لەلایەن کێ و کام وڵات خاوەندارێتی کراوە یان مەرجی تێپەڕین بووە.

پێشتر، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ” سێنتکۆم” رایگەیاند، لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کاتژمێر 10:00ـى بەیانى ئەمڕۆوە، گەمارۆیەکی دەریایی گشتگیر دەخەنە سەر هەموو ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

تێپەڕبوونی ئەو سێ کەشتییە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەمارۆخستنە سەر دەرچە ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دێ.

ئەم بڕیارە کاریگەرى تەواو لەسەر ئێران جێدەهێڵێت، چونکە ئابووری ئێران بە پلەی یەکەم پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت کە زۆربەی لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە دەچێتە دەرەوە. گەمارۆدانی بەندەرەکان واتای ئەوەیە کە ئێران ناتوانێت یەک بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

لەئاستی نێودەوڵەتی گەمارۆکە بێ کاردانەوە نەبووە، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، لەگەڵ فەرەنسا و هاوبەشانی دیکە، کاردەکەن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا بەشداریی گەمارۆدانی گەرووی هورمز ناکەن.