"ئاشتی نەبێت خوێندنمان نامێنێت"
پەیامی منداڵێکی هەولێر بۆ ئەمریکا و ئێران: تکایە ئەم جەنگە بوەستێنن
ژووری هەواڵ
فرێسک فەرهاد، تەمەن 13 ساڵ، قوتابییەکی دانیشتووی هەولێرە، پەیامێکی بۆ ئەمریکا و ئێران ناردووە کە بەهۆی ئەو جەنگەی دەستیان پێکردووە نەیانتوانیوە بچنەوە قوتابخانە و ئێستاش خوێندنیان کردوونەتە ئۆنڵاین و داوایان لێدەکات “جەنگەکە بوەستێنن”.
ئەم خوارەوە دەقی پەیامەکەیەتی:
سڵاو لە هەمووان، ناوم “فرێسک”ە و لە هەولێر دەژیم، دەمەوێت پێتانبڵێم ئەو جەنگەی ئەم دواییە کە لەم ناوچەیەدا روویداوە، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر منداڵانی ئێرە هەبووە.
بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، نەمانتوانیوە بچینە قوتابخانە، خوێندنی وانەکانمان کراونەتە ئۆنلاین، کە زۆر شارەزای نین، چونکە تازە دەستمان پێکردووە، ئەمە بووەتە هۆی پشێوی بۆ هەموو قوتابیان، چونکە بەرنامەی خوێندن و شتەکان وەک پێویست وەرناگرین.
تەنیا ئێمە نا، بەڵکو هەموو منداڵانی ئەو وڵاتانەش کە جەنگ رووبەڕوویان بووەتەوە، هەمان کێشەی ئێمەیان هەیە.
بۆیە داوا لە بەڕێز سەرۆک ترەمپ دەکەم و تکا دەکەم ئەم جەنگە رابگرێت، لە پێناو سەلامەتی ئێمە و سەلامەتی تەواوی منداڵان، هەروەها لە پێناو پەروەردە و داهاتوومان، هەمانکات داوا لە ئێرانیش دەکەم کە ئەم جەنگە رابگرێت لە پێناو ئایندەیەکی باشتر بۆ خوێندن و پەروەردەی ئێمە.
دەمەوێت هەردوو لایەن بیر لە ئاشتی بکەنەوە، چونکە تەنیا لە سایەی ئاشتیدا منداڵان دەتوانن لە داهاتوودا خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.
سوپاس