کاریگەرییەکانی شەڕ هێشتا هەرماون
لەگەڵ هەندێک لە سەوزەکان دار و خەڵووزیش گرانبوون
964+
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر بازاڕەکانی کوردستان هێشتا هەرماون و جگە لە بەرهەمی هاوردەکراو، نرخی بەشێک لە بەرهەمە ناوخۆییەکانیش گران بووە، لەوانە دار و خەڵووز و بەشێک لە سەوزەکانیش.
بەڵێن ئیبراهیم دوکاندارە لە ناو بازاڕی رانیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پێشتر باوەشێک دار یان عەلاگەیەک خەڵووزمان بە 1500 دینار دەکڕی و بە دوو هەزار دینار دەمانفرۆشتەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەیان بەجوملە بووەتە 2000 دینار، ئێمەش بەناچاری گرانمان کردووە”.
“لە سەوزەشدا نرخی سڵق و شویت بەرزبووەتەوە، ئەگەرچی بەرهەمی ناوخۆن و لە ناوچەکانی خۆمان بەرهەمدێن”، بەڵێن وای وت.
ئەو کاسبکارە پێیوایە، هۆکاری گرانبوونیان بەشێکی جەنگی ئێرانە و بەشێکیشی بۆ هاتنی بەهار و دەستپێکردنەوەی گەشت و سەیران و قۆستنەوەی وەزعەکە لەلایەن خەڵکەوە دەگەڕێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری