لەکوردستان مەترسی کۆرۆنا لەئارادە نییە

ئێمە دەستمان داگرتووەو ئەمەریکاو چین خەمیانە

میدیازان – كوردستان ئەحمەد- هەولێر 

دیسان بەزمەکە لای ئەمەریکاو چین سەری هەڵدایەوە دەڵێن کۆرۆنا هاتووەتەوە دوور نییە کەرەنتین رابگەیەننەوە، بەڵام بۆ کوردستان پلانی وا لەگۆڕێ نییە.

دوێنێ سێشەممە بەپرسانی تەندروستی چین و ئەمریكا رایانگەیاند لە گەڵ نزیكبوونەوە لەوەرزی سەرما لە هەندێك شاری گەورە ئەگەری دووبارە زیادبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەیە و ئەگەر پێویست بكات جارێكی دیكە لە چەند شارێك كەرەنتین رادەگەیەنین.

بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە هیچ هۆکارێکی روونیان رانەگەیاندووە بۆ ئەو ئامادەسازییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە لەوەرزی سەرما ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت.

“ئەمریكا و چین ئامادەكاری دەكەن و كوردستانیش ترسی نییە”

لەکوردستان بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ترس لەئارادا نییە، بەڵام ئامادەسازییەکان وەک خۆی بەباشی دەچێت بەڕێوە.

 دكتۆر ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیازانی راگەیاند:’ ئامادەكارییان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەكە ئێستاش بەردەوامن،  وەك جێبەجی كردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و پێدانی ڤاكسین’.

 ئێستا ڤاكسین لە وەزارەتی تەندروستی هەیە، لە بنكە تەندروستییەكان دابەشدەكرێت، هاووڵاتیان دەتوانن بەكاری بهێنن،لە ئێستادا هەندیك دەستمان داگرتووە بۆ جێبەجێ كردنی رێنماییەكان، بەڵام گەر پێویست بكات رێنماییەكان زیاتر دەكەین، وتەبێژی تەندروستی وای وت.

“ڤاكسینمان هەیە و رێوشێنەكانمان بە باشی جێبەجێ كردوون”

 بەقسەی وتەبێژەکەی تەندروستی بێت ئێمە لەکوردستان ئەو خەمەی ئەمەریکاو چینمان نییەو دەڵێ ‘ئێستا دۆخی كۆرۆنا لە كوردستان باشە، توشبوومان زۆر كەمە’.