جیهان دەبێت دوو هەفتەی دیکە چاوەڕێ بکات

ئاگربەستی چلە؛ هەردوو لایەنی شەڕ خۆیان بەبراوە دەزانن

شۆڕش قادری

لە چلەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران ئاگربەست راگەیەنرا، لایەنەکانی شەڕ هەر یەکێکیان خۆی بە براوە دەزانێت و جیهانیش چاوەڕێیە لە دوو هەفتەی داهاتوودا چی روودەدات و دانوستانەکانی رۆژی هەینی لە پاکستان چی لێ سەوز دەبێت.

چەند خولەکێک دوای کاتژمێر 1ـی بەربەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.4.2026 و کاتێک کەمتر لە دوو کاتژمێری مابوو بۆ کۆتاییهاتنی وادەکەی ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیارێکی 10 خاڵی ئێرانییەکانی لەلایەن پاکستانەوە پێگەیشتووە، ئەویش رازیبووە پێی و بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان رابگرێت، بڕیاریشە هەینی داهاتوو هەردوو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پاکستان کۆببنەوە.

دوای قسەکانی ترەمپ هەرزوو ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەرکەوتنی راگەیاند و وتی، ئەمریکامان ناچار کردووە  مەرجەکانمان قبوڵ بکات کە یەکێکیان هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانیەتی.

لە بەرامبەردا ئەمریکا دەڵێت، هیچ وانییە و ئێمە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، چونکە ئۆپەراسیۆنەکانمان ئامانجەکانیان بەدیهێناوە و ئێران ناچار کرا گەرووی هۆرموز بکاتەوە.

بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە هەر سێ لایەنی شەڕەکە واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران هیلاک بوون، بۆیە دەیانهەوێ لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا خۆیان رێکبخەنەوە، بەشێکی دیکەشیان پێیانوایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ بە یەکجارەکی و چیدی ئەو وڵاتانە پێکهەڵناپڕژێنەوە.