کاتژمێری سفر نزیکە

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بۆ رۆژانی سەخت ئامادە دەکەن

شۆڕش قادری

کات بۆ ئێرانییەکان بەرەو تەواوبوون دەچێت و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش خۆیان بۆ رۆژانی سەخت ئامادە دەکەن.

10 رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەو مۆڵەتەی درێژکردەوە کە بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمز دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و ئەو کات وتی، ئەگەر تا 6ـی مانگی نیسان کە سبەی دووشەممە دەکات، گەرووی هۆرموز نەکەنەوە ئەوا لە وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزە دەدەن.

دوێنێ دیسان مەوزوعەکەی تازە کردەوە و وتی ئێرانییەکان 48 کاتژمێریان ماوە، ئەمڕۆش ترەمپ چەند قسەیەکی سەیرو سەمەرەی کرد و چەند هەڕەشەیەکی توندی لە ئێرانییەکان کرد و وتی ئەگەر تا سبەی نەگەنە رێککەوتن، ئەوا ئاگریان بەسەردا دەبارێنن و جەهەننەمیان بۆ دروست دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی 964 ئەم هەڕەشانەی ترەمپ وایکردووە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بۆ رۆژانێکی سەخت ئامادە بکەن، خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانیان کڕیوە و لایت شەحن و چرا لامپە و نەوت و داریشیان بۆ رۆژانی بێ کارەبایی و بێ غازی حازر کردووە، بۆیە ئەگەر لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا کاربەدەستانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەون ئاوا ئاو بە ئاگردا دەکرێت و هەموو شتێک کۆتایی دێت، بەپێچەوانەوە چارەنووسی ئێرانییەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کورستان تەمومژاوی دەبێت.