سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی:
میلیشیاکان رابگرن؛ “هێرشەکانى سەر هەولێر و کونسوڵخانەى گشتیى ئەمریکا قبوڵکراو نییە”
وریا فەتاح
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە “قێزەونەکانی” سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێری کرد و داوای لە بەغدا کرد رێکاری راستەقینە بگرێتەبەر.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند، ئەم هێرشانە کە لەلایەن “میلیشیا تیرۆریستییەکانەوە” ئەنجامدراون، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە.
وتیشی: “ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.”
بارزانی جارێکی دیکە داوایەکی راستەوخۆ و بێپەردەی ئاراستەی حکومەتی بەغدا کرد و وتی: “داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم رێکاری خێرا، یەکلایەکەرەوە و بەرجەستە دژی ئەم گرووپە چەکدارە نایاسایی و میلیشیایانە بگرێتەبەر.”
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە هەموو رێگەیەک بەکاربهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشە “تیرۆریستی”یانە و پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم کارانە رادەستی دادگا بکرێن و سزای خۆیان وەربگرن.