تەمەن 27 ساڵان
هەورە بروسکە لە هەریر شوانێکی کوشت؛ لە ناو خێمەکەیدا بوو
وریا فەتاح
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەورە بروسکە لە گوندی “سەرکەور”ـی سەر بە قەزای هەریر، گیانی بە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ سپارد.
گەنجەکە ناوی عەبدولرەحمان لوقمانە، دانیشتووی گوندی ناوشیوانی سەرووە و پیشەی شوان بووە. لە کاتی بارانبارین و هەورە بروسکەکەدا، عەبدولرەحمان لەگەڵ ئامۆزایەکی لە ژێر خێمەیەکدا بوون، بەڵام بروسکەکە بەر ئەو کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە 964ـی راگەیاند: “تەرمی گەنجەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی هەریر، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە، بەهۆی کاریگەری بروسکەکەوە گیانی لەدەستدابوو.”
ئەم گەنجە تەمەنی تەنیا 27 ساڵ بوو و خەریکی کاری شوانکاری بوو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی.