ئاگاداربن مۆلیدەکان جۆزە کۆنەکانتان دەگۆڕن
964+
ئاودێر عومەر- سلێمانی
خاوه‌ن مۆلیده‌كانى چەند گەڕەکێکى سلێمانی، بەتایبەتیش گەڕەکی کانی سپیکە، به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئەو ماڵانەی له سنووره‌كه‌یدان، جۆزەی مۆلیدەکانیان ده‌گۆڕن.
هاوڵاتیانی گەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی له‌باره‌ى ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه‌ى خاوه‌ن مۆلیده‌كه‌یان پەیوەندیان بە پەیامنێری 964ـه‌وه کرد.
یاسین ئەحمەد دانیشتوی گەڕەکی کانی سپیکە، وتی “شەوێک بێ ئەوەی ئێمە ئاگاداربین ئەو جۆزانەیان گۆڕیوین کە چەند ساڵێکە بەکاری دەهێنین و خۆشیان بەستویانە بۆمان”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، ئەم جۆزانەی ئێستا ئەگەر سێ ئەمپێرمان هەبێت دوو ئەمپێر و نیویان دەداتێ، چونکە ده‌ڵێت “دواى گۆڕینیان کلامپمان لێداوەو فەحسمان کردووە، ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌مپێرى كه‌متر بۆته‌وه”.
وتیشی “وه‌ك دانیشتوانی ئەو گەڕەکە سکاڵا لەسەر ئەو مۆلیدەیە تۆماردەکەین چونكه فێڵی لێكردووین”.
رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بەو بابەتە به 964ـی وت، هیچ خاوەن مۆلیدەیەک ناتوانێت لەخۆیەوە دەستکاری جۆزەی ماڵان بکات روونیشیکردەوە “ئەگەر ئەو جۆزانەی پێشتر ئەمپێریان لەو قەبارەیەی خۆی بۆی دیاریکراوە زیاتر بەرێت، خاوەن مۆلیدەکان دەتوانن ئەو جۆزانە بگۆڕن بەمەرجێک ئەو ڕێژەی ئەمپێڕە بدات کە پێشتر ماڵەکان هەیانبووە نەک کەمتر”.
وتیشی “هه‌ر هاوڵاتیێكیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سەردانمان بكات، ئێمە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین”.
بۆ زیاتر ساغكردنه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته، 964 پەیوەندی بە یه‌كێك له خاوەن مۆلیدەکانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه کرد، کەیوان بەکر خاوەن مۆلیدەی گەڕەکی کانی سپیکە، دەڵێت، ئه‌وان به نوسراوی فەرمی داوایان لە قایمقامیەتی سلێمانی کردووه، لیژنەیەکیان هاتوون و فەحسی جۆزەی سندوقەکانیان کردووه، ئینجا رێگەیان پێداون جۆزه‌كانیان بگۆڕن.
وتیشى “جۆزەی سێ ئەمپێری هه‌یه 10 ئەمپێری کارپێدەکرێ، ئەوە تەنیا ئێمە نین زۆربەی مۆلیدەکان جۆزه‌كانیان دەگۆڕن”.
“جۆزەی سمسی تورکیمان بۆ ماڵان بەستووه ئەگەر كاره‌باى زیاتر وەرنەگرێت کەمتر وەرناگرێت، بەرپرسیشم لەو قسەیەی خۆم” کەیوان بەکر، وای وت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن