هەڵەبجە بۆ ئەمساڵ کەس داوەت ناکات


فەهمی نەبی
قایمقامی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت بۆ یادکردنەوەی کیمابارانکردنی هەڵەبجە ئەمساڵ داوەتنامەیان بۆ کەس نەناردوە، جگە لەوەی بڕیارە بەیانی رۆژی سێشەممە کۆمەڵێک چالاکوانی هەڵەبجە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر پشتگوێخستنی هەڵەبجە.

نوخشە ناسیح، قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە، بە تۆڕی 964-ی وت، “بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆمەڵێک چالاکوان خۆپیشاندان بکەن، داواکەی ئەوان زۆر رەوایە و هەمان داوای ئێمەشە، ئەو پارێزگایە بەتەواوی پشتگوێخراوە”.
قایمقامی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە ئەمساڵ یادی کیمابارانکردنی هەڵەبجە نەکرێتەوە، دەڵێت: بۆ ئەمساڵ داوەتنامەمان بۆ کەس نەناردوە، بەرنامەمان ئەوەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان، کاتژمێر 10 لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کۆدەبینەوە و وتاری حکومەت لەلایەن پارێزگارەوە دەخوێندرێتەوە، لەهەمان کاتدا وتاری کەسوکاری شەهیدان دەخوێندرێتەوە.

لەبارەی ناوهێنانی پارێزگای هەڵەبجە وەک 19-یەمین پارێزگای عێراق، نوخشە ناسیح وتی “لە موازەنەی ساڵانی 2017، 2018، 2019، پارێزگای هەڵەبجە بودجەی بۆ تەرخاندەکرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی بۆمان خەرج نەدەکرا، لەو ساڵانەش وەک پارێزگا ناوی هەڵەبجە دەهات، بەڵام ئەمساڵ جیاوازیەکەی ئەوەیە وەک 19-یەمین پارێزگا ناوی هەڵەبجە هاتووە، جگە لەوە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکان بڕیاری لێدەدرێت”.

بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 ساڵی 2022 لیژنەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردبوو، چوار رۆژ لەو پارێزگایە مابوونەوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی ئەو لیژنەیە بووە

ساڵی 2013، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، رەشنووسی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عیراقی کرد، بەڵام بەدرێژایی ئەو ساڵانە حکومەتی عێراقی وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ هەڵەبجە نەکردووە.
ئەمڕۆ 13.3.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد، بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە بێت هەڵەبجە 19-یەمین پارێزگای عێراق بودجەی بۆ تەرخانکرا.