حکومەتی عێراق هەڵەبجە وەک پارێزگای 19یەم دەناسێنێت
964+
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردراوە رێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق تەواو بکرێت، چاوەڕێدەکرێت لە رۆژی 16ی ئادار بڕیاری فەرمی رابگەیەندرێت.
دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان تەواو کردوووە و رەوانەی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان کردووە.
سەرەتای ئەمساڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت سوورە لە پشتبەستن بە بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراق.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
شارەکە لە ئاداری 1988 لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە کیمیابارانکرا، بەهۆیەوە نزیکەی پێنج هەزار کەس گیانیان بەخشی و هەزارانی دیکە بریندار بوون.
بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە، قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.