بەهۆى بارودۆخە نەخوازراوەکە
پشووەکە درێژکرایەوە؛ لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان
وریا فەتاح
هەرچەندە بڕیاربوو دواى یەک مانگ لە پشوو، ئەمڕۆ دەوامى قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێرشە درۆنییەکانى شەوى رابردووى سەر هەولێر و دهۆک و سۆران و کۆیە، جارێکى تر دەوامى راگرت و پشووەکانى درێژکردەوە.
درەنگانێکى شەوى رابردوو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە، رۆژى یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ئەهلی و حکومی پشووی فەرمییە، هەر لە بنەڕەتی تا زانکۆ و پەیمانگاکان.
لاى خۆیەوە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە، بە راوێژ لەگەڵ وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیاریانداوە، لە سەرجەم قوتابخانەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان سبەی یەکشەممە پشووی فەرمییە.
هاوکات بە هەمان بارودۆخ، لە دهۆک و زاخۆ و ئیدارەى راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناوەندەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە، پشووەکە درێژکرایەوە.