تیمەکانی رێگاوبان ئاوبەرەکانیان خاوێن کردەوە و رێگەکەیان چاککردەوە
رێگەی نێوان کەردز و گومەگروی هەولێر دوای لافاو کرایەوە
ژێوار خدر
دوای ئەوەی بارانی بەلێزمە ئاستەنگی هاتوچۆی لە رێگەی کەردز – گومەگرو دروست کرد، تیمەکانی رێگاوبانی هەولێر گەیشتنە شوێنەکە و توانییان رێگەکە بە رووی هاوڵاتییاندا بکەنەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێریش دەڵێت “تیمەکانمان بەردەوام لە ئێشکگری دەبن”.
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ئاوبەرە لوولەییەکانی رێگای کەردز و گومەگرو، ئاو هاتبووە سەر رێگاکە و هاتوچۆی پەکخستبوو، تیمەکانیان توانیویانە ئاوبەرەکان خاوێن بکەنەوە و ئەو شوێنانەشی بەهۆی لافاوەوە رووچووبوون، بە پڕکردنەوەی تەنیشت ئاوبەرەکان چارەسەریان کردووە.
دەشڵێت،ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی تیمەکانی رێگاوبانە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لە رێگاکانی دەرەوەی پارێزگاکە، تیمەکان بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هەر گرفتێکی هاوشێوە لە رێگاکانی دەرەوەی هەولێر دروست ببێت، بە خێرایی چارەسەری بکەن و سەلامەتی رێگاکان بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان بپارێزن.