بە قسەی عەباسی کەمەندی لە رێچکەکەی لای نەداوە
عادل هەورامی هەشت بەرهەمی لە رێیە
ئەمەل ناجی- هەڵەبجە
ئەم ستایلی گۆرانی وتنەم ئامۆژگاری هونەرمەندی گەورە عەباسی کەمەندی بووە، بۆیە گۆرانیەکانم بە نەمری ماونەتەوە
ئەمڕۆ عادل هەورامی لەگەڵ چەند گروپ و گۆرانیبێژێکی دیکەدا لە هەڵەبجە کۆنسێرتێکیان بە بۆنەی رۆژی جیهانی گەنجانەوە سازکرد و وەک خۆی دەڵێت، وەتەن شیرینە بۆیە ئەمجارە لێرە کۆنسێرتم سازکرد.
هونەرمەند عادل هەورامی لەبارەی مانەوەی چیژی گۆرانییەکانی وتی، هونەرمەندی گەورەی کورد عەباسی کەمەندی ئامۆژگاری ئەوەی کردووم کە لە رەسەنایەتی کوردی لانەدەم، لە گۆرانی و تەنانەت لە شێوازی پۆشینی جلوبەرگیشدا، بۆ ئەوەی بەرهەمەکان نەمربن”.
وتیشی، نامەوێت لە رۆژهەڵات بەشداری شایی و رەشبەڵەک بکەم و دەمەوێت تەنیا کۆنسێرت بکەم.
ئەو هونەرمەندە لە رێگەی 964ـەوە ئاشکرای کرد، کە هەشت بەرهەمی نوێی ئامادەیە، بەڵام پێی وایە بارودۆخی ئێستای خەڵکی گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانە بڵاوبکاتەوە، چونکە جەوی خەڵک زۆر کاریگەری هەیە لەسەر گوێگرتنی لە گۆرانی، بۆیە چاوەڕێی دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی بڵاوبکاتەوە.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح