تەنا لە 12 کاتژمێردا 50 ملم باریوە

هەولێر 600 ملم بارانی تێپەڕاند

ژێوار خدر

لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا 50 ملم باران لە سەنتەری هەولێر باریوە و بەوەش کۆی گشتی بارانبارینی ئەم وەرزە گەیشتە 600 ملم، پارێزگای هەولێریش دەڵێت “ئەم رێژەیە دڵخۆشکەر و بەرزە”.

پارێزگای هەولێر بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا بڕی 50 ملم باران لە سەنتەری شاری هەولێر باریوە و دەشڵێت تەنیا لە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو نزیکەی 26 ملم بارانی تر تۆمارکراوە.

روونیشێکردووەتەوە، بە تۆمارکردنی ئەم بڕە نوێیە، کۆی گشتی بارانبارینی ئەم وەرزە لە سەنتەری شاری هەولێر گەیشتووەتە 600 ملم، کە ئەمەش وەک رێژەیەکی زۆر بۆ ئەمساڵ ئەژمار دەکرێت، پێشبینیش دەکرێت کاریگەری ئەم شەپۆلە بارانبارینە لەسەر هەولێر و ناوچە جیاجیاکانی تری هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەبێت.