عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران
"ئاگربەستمان ناوێت"
عێراقچی: گفتوگۆى راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە
964+
وریا فەتاح
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە تاران نایەوێت بچێتە ناو رێککەوتنێکی “ئاگربەست”ەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: “ئێمە ئاگربەستمان ناوێت، چونکە ئاگربەست ئەو بازنە بۆشەیە کە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوە شەڕ. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت کۆتاییهێنانە بە شەڕ بەو شێوەیەی کە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە و بە مەرجەکانی خۆمان بێت، دەبێت قەرەبووی زیانەکانی گەلی ئێرانیش بکرێتەوە.”
عێراقچی بە توندی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن رەتکردەوە و وتی: “بە قاتعی دەڵێم تا ئێستا هیچ دانوستان و گفتوگۆیەکمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی نەبووە. ئەوەی هەیە تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیامە لە رێگەی وڵاتانی دۆستەوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا پەیامی جۆراوجۆری ناردووە و هەندێک بیرۆکەی خستووەتەڕوو، تاران کاتێک وەڵامی ئەو پەیامانە دەداتەوە تەنیا وەک “هۆشداری”یە نەک دانوستان. وتیشی: “لە پەیامەکاندا هۆشداریمان داوەتە ئەمریکا، بە تایبەت سەبارەت بەو مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەی کە باسی دەکەن.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی روویکردە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و وتی: “بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئیسرائیل دروستکراون. ئەمریکا ئامادەیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بکاتە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب، هیوادارم وڵاتانی ناوچەکە ئەم راستییە تێبگەن.”
جەختی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای ئێران بەردەوامبوونە لە “بەرگری و بەرگریکردن لە وڵات” و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دانوستان نییە.