هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان
شارەوانی سلێمانی ئامادەباشی بۆ شەپۆلێکی چڕی بارانبارین رادەگەیەنێت
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە رێگەی تیمی فریاگوزاریی خۆیەوە، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی سنووری ماستەرپلانی شارەکە کرد سەبارەت بەو شەپۆلە بارانبارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەکە بگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی شارەوانی سلێمانی، کە پشت بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشوهەواو و بومەلەرزەزانی هەرێم بەستراوە، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی دەگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتییان کراوە، لە پێناو سەلامەتییان و لە ئەگەری روودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو یان دروستبوونی گرفت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەنتەری فریاگوزاریی خێراوە بکەن بە ژمارە (100).
شارەوانی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری و ئێشکگری شارەوانی لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا بەهانای هاوڵاتییانەوە بچن و هەر گرفتێک کە بەهۆی بارانبارینەوە دروست دەبێت، چارەسەری بکەن
بەپێى هۆشدارییەکانى کەشناسى لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى، ئەگەرى بارینى 100 ملیمەتر باران هەیە لە سلێمانى.