نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنەوایی کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان دەداتەوە – وێنە؛ ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم
سەرۆکی هەرێم:
“ئێران دانی بەوەدا ناوە کە بەهەڵە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە”
شۆڕش قادری
سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کە بەهەڵە هێرشیان کردووەتەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەڵێنیان داوە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەن.
بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە 24.3.2026 و لە دوو هێرشی جیاوازدا، بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری 7 و هێزێکی فیرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران بە موشەکی ئێران کرانە ئامانج، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
هەر دواى ئهو هێرشە، پەیوەندیمان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كردووە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەك كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 25.3.2026 پرسەی پێشمەرگە شەهیدەکان لە سۆران بەڕێوەچوو و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ دڵنەوایی کەسوکاری شەهیدەکان لەوێ بوو، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، دوای بەشداریکردنی لە پرسەکە، نێچیرڤان بارزانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، “هەر دواى ئهو هێرشە، پەیوەندیمان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كردووە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەك كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن، ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی كۆماری ئیسلامیی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.”
دووپاتیشیکردووەتەوە کە، “ئێمە نەبووینەتە بەشێك لەو جەنگە و نابینە بەشێك لە جەنگ، ئەوەی ئێستا هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لێكۆڵینەوەی تەواو بكات و هەرێمی كوردستانیش ئاگادار بكاتەوە كە چی روویداوە.”
سەرۆکی هەرێم داوایشی لە حکومەتی عێراق کردووە دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەك وڵاتێكی خاوەن سەروەری و ئەو هێرشانە رابگیرێن کە لەلایەن گروپە لەیاسادەرچووهكانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی كوردستان.