شەوی رابردوو چی روویدا؟

ترەمپ خەریکی دانوستانە و سێنتکۆم’ـیش 9000 ئامانجی لە ئێران پێکاوە

964+

عه‌بدولباری ساڵح

بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن کورت و پوخت هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو روویانداوە لێرەدا بیزانن؛

📌 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کە چوار تۆمەتباریان بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەستگیرکردووە، کە لە شەوی 23ـی ئادار لە ناوچەی رەبیعەی عێراقەوە مووشەکیان ئاراستەی خاکی سوریا کردووە.

📌 ترەمپ رایگەیاند لەگەڵ کەسانی گونجاو لە تاران خەریکی دانوستانن و ئاماژەی بەوە کرد کە “گۆڕینی رژێم” لە ئێران لە ئارادایە و تاران رەزامەندی داوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبێت.

📌 سکای نیوز؛ ئەمریکا پلانێکی 15 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بۆ ئێران ناردووە، کە تێیدا داوای داخستنی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ دەکات.

📌 تاران مەرجی بۆ دانوستانەکان هەیە و داوای گەرەنتی نەکردنەوەی شەڕ و دانانی سیستمێکی نوێ بۆ گەرووی هورمز دەکات تا بتوانێت باج لە کەشتییەکان وەربگرێت.

📌 میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە نەتانیاهۆ ترسی هەیە ترەمپ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکات کە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لەبەرچاو نەگرێت.

📌 بەریتانیا و فەرەنسا داوایان لە تاران کرد بە نییەتێکی باشەوە بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات و جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا کردەوە.

📌 فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، 9000 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران تێکشکاندووە و ترەمپیش دەڵێت: “سەرجەم سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێرانمان لەناو بردووە و بە ئازادی لە ئاسمانیاندا دەفڕین.”

📌 ترەمپ رایگەیاند، کۆگای مووشەکی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، هاوکات بە نزیکەی 100 مووشەک کەشتی ئابراهامیان کردووەتە ئامانج و بۆیان نەچووەتە سەر.

📌 ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران لە تاران دەستپێکرد، هاوکات ئێران ئاژانسی ئەتۆمیی ئاگادار کردووەتەوە کە دەوروبەری وێستگەی “بوشەهر” بەرکەوتنی هەبووە.

📌 واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە ئەگەر هەیە هێزەکانی ئەمریکا بە خێرایی دوورگەی خارگ کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێستاش 4500 سەربازی نوێ بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتوون.

📌 بەرگریی ئاسمانیی وڵاتانی سعودیە، کوێت و بەحرێن چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکشکاند، لە عێراقیش مافی “بەرگری لەخۆگرتن” درایە حەشدی شەعبی.

📌 وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە هەریەک لە کارڕاپەڕێنەری ئەمەریکاو باڵیۆزی ئێران بانگ دەکات و یاداشتی ناڕەزایەتییان دەداتێ، ئەوەی یەکەمیان دژی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ئەوەی دووەمیشان دژی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە؛ هەروەها لای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش سکاڵا دەکات.

📌 سکای نیوز: ئیسرائیل ئاگادارییەکی بەپەلەی بۆ چۆڵکردنی حەوت گەڕەکی ناوچەی زاحیەی جنووبی بەیروت دەرکرد و چەندین هێرشی ئاسمانیی نوێی بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێکرد.

لە ئەگەری رێکنەکەوتن و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وز...

لە ئەگەری رێکنەکەوتن و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران