كه‌ركووك.. لە ١٠ مانگدا ١٤٧ گیچه‌ڵی سێكسی لەڕێگەی سۆشیال میدیا بەرانبەر ژنان کراوە
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
لە ١٠ مانگی رابردوودا، له كەركووك ١٤٧ گێچەڵی سێكسی لەڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه تۆمار كراوه‌و به‌شێكیان له دادگا یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه.
کچێکی هەرزەکاری کەرکوک، لەسەر ئەو گێچەڵە سێکسییەی بەرانبەری کراوە بۆ میدیازان قسەی کردووەو دەڵێ، قوتابی پۆڵی چواری ئامادەیی بووم کە لەڕێگه‌ی سناپەوە پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێک دانا، بەڵام ئەو مەبستی بوو دەستدرێژی سێکسییم بکاتەسەر.
“لەڕێگه‌ی سناپەوە پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ کوڕێک دانا”
“چەند جارێك بەبیانووی ئەوەی دەچمە ماڵی مام، دەچوومە ژووان لەگەڵ ئەو كوڕە، بەڵام ئەو لەگەڵم راستگۆ نەبوو، ههوڵیدەدا دەستدرێژیی سێكسییم بكاتەسەر”. ئەمە قسەی (ف. خ.ج)ـی تەمەن ١٧ ساڵانە کە دانیشتوی گەڕەکی وەحدەی کەرکوکە، ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەر ئەو هەوڵەی وازی لێهێناوەو سەرجەم پەیوەندییهكانیشی بلۆك كردووە.
زیاتر وتی “دواتر چه‌ندجارێك لەڕێگه‌ی سناپچات و ماسنجەری دیكه‌وه، ئه‌و وێنانه‌ی بۆ ناردوومه‌ته‌وه كه به‌یه‌كه‌وه گرتوومانە، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی لێم كردووه، تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێ کردووم، لەسەر ئەوە ماڵەوە لە قوتابخانە دەریانهێنام و ئێستا لە ماڵەوە دانیشتوم”.
چیرۆكی هاوشێوەی (ف. خ.ج) کە ناوەکەی لای میدیازان پارێزراوە، لە کەركوك زۆرن هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەرپرسانی ئەمنی شارەكە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی داواكارن مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینی باسی ئەو دیاردەیە بكه‌ن.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پۆلیسی خێزانی كه‌ركوك، بە میدیازانی راگەیاند لە ١٠ مانگی رابردوودا ١٤٧ حاله‌تی گێچەڵی سێكسی لەڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تۆمار کراون.
ئەو سەرچاوەیە کە ناوەکەی لای میدیازان ئاشکرایەو بەهۆی ئەوەی بۆی نیە لێدوانی رۆژنامەوانی بدات داوای پاراستن و بڵاو نەکردنەوەی ناوەکەی کرد، وتیشی “٩٠٪ـی کهیسهكان دژی كچانی هەرزەكار بووە، كه لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵخەڵەتێنراون، به‌تایبه‌تی به به‌ڵێنی هاوسه‌رگیری”.
“لە ١٠ مانگی رابردوودا ١٤٧ حاله‌تی گێچەڵی سێكسی لەڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تۆمار کراون”
میدیازان دەزانێت، ساڵی رابردوو لە ماوەی ١٢ مانگدا سەرووی ١١٠ حالەتی هەوڵی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان لە کەرکوک تۆمار کراوە، بەمەش دەردەکەوێت کە ئاماری ١٠ مانگی رابردوو بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یە بۆ میدیازان ئەوەشی ئاشكرا كرد کە ئەمساڵ چوار كچ کە لەدەست رفێنەران رزگار كران کە خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوون، ویستوویانە لەڕێگه‌ی كەركووكەوە به‌ره‌و هەرێمی كوردستان بڕۆن.
هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی گێچه‌ڵی سێكسی له كه‌ركوك، هاوكاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی دیارده‌كه له شاری دهۆك، هه‌ر دوێنێ عه‌لی ره‌سووڵ پارێزه‌ر له دادگای دهۆك به میدیازانی گوت، ئه‌م ساڵ به شێوه‌یه‌كی زۆر تاوانه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و سۆشیال میدیا زیادی كردووه و له ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٢٠٠ سكاڵا له دادگا تۆماركراون.
سەرجاوەکەی پۆلیسی خێزانی، باسی لەوەشکرد بەشێك لە دۆسیەکان لەڕێگه‌ی دادگا یەكلایی كراونه‌ته‌وه، بەشێكیشیان هێشتا ماون، زیاتر وتی “زۆرینەی كەیسەكان دوای لێكۆڵینه‌وه دەرکەوتووە کچەکان هۆشیاری بەكارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان نەبووه، بۆیه دووچاری كێشه‌و گێچه‌ڵ بوونه‌ته‌وه”.