نۆ ساڵە ١٠٪ی فڕۆکەخانەی دهۆک دروستکراوە

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

نۆ ساڵ لەمەوبەر، بەردی بناغە بۆ فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی دانرا لە دهۆک، لەوکاتەوە بووەتە خەونی بەدینەهاتووی ئەو پارێزگایە، کەچی تاوەکو ئێستا تەنیا ١٠٪ی پرۆژەکە جێبەجێکراوە.

فڕۆکەخانەکە لە قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک، لە ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی بۆ دانرا.

پرۆژەکە گوژمەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا، بڕیاربوو لە ماوەی ٩٠٠ رۆژ (دوو ساڵ و چوار مانگ) تەواو ببێت، بەڵام هەر لە قۆناغی یەکەمدا وەستێندرا.

سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە میدیازانی وت، “ماوەیەکی کەم ئیشی تێدا کرا و دواتر وەستێندرا، لەو ماوەیەدا ٧٪ بۆ ١٠٪ی تەواوکراوە، هێشتا ٩٠٪ی ماوە”.

هەروەها وتی، “بڕێک لەو پارەیەی کە بۆی دابینکرا لە فڕۆکەخانەکەدا خەرجکراوە و بەشەکەی تر نازانین چی لێهاتووە”.

کاوار سەعید، مامۆستایە لە دهۆک، ئەو بێهیوابووە لە تەواوکردنی فڕۆکەخانەکە، بۆ میدیازانی باسکرد، “فڕۆکەخانەی دهۆک بووەتە خەون، تەمەنم ٣٥ ساڵە ئەگەر وا بڕوات ٢٠ ساڵی تر تەواو ناکرێت، دەمرین و بەچاوی خۆمان نایبینین.”

نەخشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆک لەلایەن کۆمپانیای “دار الهندسە”ی لوبنانی کێشراوە و رۆژی ٦ی شوباتی ۲٠۱۳ کۆمپانیای “ماکۆیل”ی تورکی گرێبەستی ئامادەکردنی فڕۆکەخانەکەی لەگەڵ کارگێڕی پارێزگای دهۆک واژۆ کرد.