ئاڵای ئێران و ئەمریکا _ گرافیک:964
"نائومێدی تڕەمپە"
بۆچی ئەمریکا رێگەی بە ئێران دا تا 30 رۆژ نەوتەکەی بفرۆشێ؟
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، بڕیاری رێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران کە ئێستا لەناو تانکەرەکانە و دەبرێ بۆ بازاڕ، بە خراپ بیرکردنەوە و نیشانەی نائومێدیی تڕەمپە.
ریچار هاس لە هەژمارەکەی خۆی دەشڵێ، ترەمپ رووبەڕووی شتێک دەبێتەوە کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، بەداخەوە زۆربەی ئەو کارانەی دەیکات خراپترکردنی شتەکانە.
ئەمریكا بڕیاری داوە، رێگە بە ئێران بدات بۆ ماوەی مانگێك نەوت و سووتەمەنییە كۆگاركراوەكانی لەناو كەشتییەكان بفرۆشێت، تا بەم ڕێگەیە رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە جیهاندا.
سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا، ئەمریكا بە خێرایی رێگە دەدات ئێران نزیكەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی ئەو پاڵەستۆیانەیە كە ئێستا بۆ وزە لەسەر ئاستی جیهان دروستبووە.
ئەو راشیگەیاند، بە كورتی، نەوتی ئێران بۆ دژی تاران بەكار دەهێنینەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوامی دەبێت.
هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز ئاشکرای کرد، ئێران لە سەرەتای جەنگەوە ڕێگای بە ژمارەیەک کەشتی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن و لە 15 و 16 ئەم مانگە زیاتر لە شەش کەشتی بە گەرووەکەدا رۆشتوون.