تا موچەکانمان نەدرێت خۆڵ و خاشاکەکانتان فڕێ نادەین

وابڕوات رانیە خۆڵ و خاشاک دایدەپۆشێ

میدیازان – مەجید بیتوێنی – سلێمانی

+وێنە

مانگرتنی کارمەندانی پاککەرەوەی خۆڵ و خاشاک لە ئیدارەی راپەڕین بووەتە هۆی ئەوەی رۆژانە ٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاکی بکەونە سەر شەقامەکان. ئەوان دەڵێن، تا موچەکانمان وەرنەگرین خۆڵ و خاشاک هەڵناگرینەوە.

“رۆژانە ٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاکی دەکەونە سەر شەقامەکان”

هیمداد مستەفا، کارمەندێکی کۆمپانیای بیڤانە کە مانگرتنی لە هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک راگەیاندووە بە میدیازانی وت، سێ مانگە موچەم وەرنەگرتووە، بۆیە بڕیاری مانگرتنم داوە تا ئەو کاتەی موچەکەم پێدەدرێت ئینجا دەگەڕێمەوە سەرکارەکەم.

کۆمپانیای بیڤان، یەکێکە لەو کۆمپانیانەی بواری هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک لە ئیدارەی راپەڕین کە ٤٥٠ کارمەندی هەیە، لە ئێستادا زۆرینەی کارمەندەکانی مانیان گرتووەو کۆکن لەسەر ئەوەی تا موچەکانیان وەرنەگرن نەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان و، چیتر خۆڵ و خاشاک هەڵناگرنەوە.

هیمداد مستەفا، زیاتر وتی “سێ مانگە موچەم وەنەگرتووە کە موچەی هەر مانگێکمان ٣٣٥ هەزار دینارە، ئەرکەکەمان قورسەو چیتر ناتوانم بێ موچە کار بکەم”.

میدیازان دەزانێت، هەفتەیەکە کارمەندانی کۆمپانیای بیڤان مانیان گرتووە، بەمەش رۆژانە ٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لە شەقامەکانی هەر ١٥ شارەوانییەکەی ئیدارەی راپەڕین دەکەوێتەسەر شەقام، بەمەش لەماوەی ئەو هەفتەیدا دوو هەزارو ٨٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کۆبووەتەوە.

“سێ مانگە موچەم وەنەگرتووە کە موچەی هەر مانگێکمان ٣٣٥ هەزار دینارە”

بەهجەت حەمەڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیڤان بە میدیازانی راگەیاند نەمانی نەختینە لە بانکەکان گرفتی زۆری بۆ دروست کردووین، شەش مانگە خۆشمان بودجەمان وەرنەگرتووە لە حکومەت، بۆیە خۆشمان لێرەولەوێ پارە دابین دەکەین.

زیاتر وتی “وابڕیارە لە نزیکترین کات موچەیەکیان پێ بدەین و، هەوڵی دابینکردنی موچەیەکی تریشیان بۆ دەدەین”.