بۆ مانگ دەگەڕێن

ئەم ئێوارەیە یەکلادەبێتەوە کەی جەژنە

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان کۆدەبێتەوە.

لیژنە فەرعییەکان لەشارەکان ئەم ئێوارەیە سەیری بینینی مانگ دەکەن، ئەگەر بیبینن ئەوە سبەی پێنجشەممە دەکرێ بەیەکەم رۆژی جەژن، ئەگەرنا یەکەم رۆژی جەژن دەچێتە رۆژی هەینی 20.3.2026.

وەزارەتی ئەوقاف لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا، لیژنەی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان، دەست بە چاودێریکردنی بینینی مانگ دەکەن و دواتر بڕیاری کۆتایی دەدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەکانی چاودێری لە چەندین خاڵی ستراتیژی جێگیر کراون، لەوانە: شاخی گڵەزەردە لە سلێمانی، چیای زاوا لە دهۆک، و ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و ڕەواندز و پارێزگای هەڵەبجە.

بڕیارە وەزارەتەکە کاتژمێر 6:30 خولەک دوا بڕیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن رابگەیەنێ.