بە تۆمەتی کوشتنی چۆلەکە دوو کەس دەستگیرکران

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی لە شارەزوور دوو کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی چۆلەکە و کۆتر، پۆلیسی دەڤەرەکە وا دەڵێت. ئەو دوو کەسە، بە یەکجار ٦٠ چۆلەکە و حەوت کۆتری کێویان کوشتووە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی وێنەی چۆلەکە و کۆترە کوژراوەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دەستگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری “بادی.” هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە میدیازانی وت، ژمارەی چۆلەکە کوژراوەکان زیاتر لە ٦٠ دانەن، کۆترەکانیش کە لە جۆری کۆتری کێوین حەوت دانەن و بە چەک لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە کوژراون. هێمن کەمەرخان وتیشی، ئەو کەسانە بە بڕیاری دادوەر و بە مەبەستی رێگریکردن لە کوشتنی باڵندەی کێوی دەستگیرکراون. بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا لەسەر راوکردنی باڵندەی کێوی ٦١ کەس دەستگیرکراون.