یەکێک لە ئامانجەکان بوو

ئەو کەسەی شوێنپێی عەلی لاریجانی کەوتبوو گەیشتەوە ئیسڕائیل

964+

فەرهاد حەسەن

وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، عەلی لاریجانی یەکێک بوو لە ئامانجەکانی ئیسڕائیل و ئەو کەسەش کە شوێنپێی ناوبراو کەوتبوو بەسەلامەتی گەیشتەوە ئیسڕائیل.

ئەمڕۆ سێشەممە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بۆردومانەکانی دوێنێ شەودا کوژراوە.

دوایین دەرکەوتنی عەلی لاریجانی چوار رۆژ لەمەوبەر بوو کاتێک لە تاران بەشداری رۆژی قودسی کرد و هەر ئەو رۆژەش، دەیڤد کەیەز، وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی لە “ئێکس” بڵاوکردەوە و رایگەیاند لاریجانی ئامانجی داهاتووی ئیسرائیلە.

کەیەز وێنەیەکی لاریجانی لە رێپێوانەکەدا بڵاوکردبووەوە کە کەسێک بە ماسکەوە لە پشتییەوە دەرکەوتووە و نووسیویەتی، “ئەو کەسەی لە پشتی لاریجانییەوە دەرکەوتووە هاوڕێمە و سیخوڕی خۆمانە.”

ئەوەشی نووسیبوو کە سیخوڕەکە ناوی “هابا باتور”ەو یەکێکە لە باشترین کارمەندەکانی مۆساد و (هەینی ڕابردوو) ئێرانی بەجێهێشت و بە سەلامەتی گەیشتەوە بۆ ئیسرائیل.

ئەمڕۆش دەیڤد کەیەز، دوای ئەوەی بە فەرمی هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی راگەیەندرا، جارێکی دیکە پەیامەکەی هەینی رابردووی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: “پێم وتن!”.