به‌ شێوه‌یه‌كی كاتییه‌

جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پشتە دەستیپێکردەوە

میلاد جەلال-گەرمیان

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پشتە له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان راگیرا، به‌ڵام ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی تر بارھەڵگرەکان رۆیشتنەوە مەرزەکە و جوڵەی بازرگانی دەستیپێکردەوە.

شۆفێرێکی بارھەڵگر بە 964ى وت،”ئەمڕۆ ھیچ بارێکی تازە نەھاتووه‌تە مەرزەکە، تەنیا ئەو بارانە بووە کە پێش ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە مەرزەکە مابوونەوە و ئەمڕۆ ھێنرانە کوردستانەوە”.

“بارەکانیش لە خۆڵ، ئاسن، کاشی و تانکی و خوێی خواردن پێکھاتبوون، ئەمڕۆ نزیکەی 60 بارھەڵگر باریان بار کردوە، بەڵام پێشتر رۆژانە 150 بارھەڵگر باریان دەھێنا”، ئەو شۆفێرە وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی زانیارییەکان کردنەوەی مەرزەکە تەنیا بۆ ماوەی 48 کاتژمێرە، بۆ ئەوەی ئەو بارانەی لە مەرزەکە بوون نەمێنن، دوای جەژنیش بەپێی بارودۆخی ناوچەکە بڕیاری بەردەوامی یان وەستانی جوڵەی بازرگانی له‌ باره‌وه‌ دەدرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا