زیادبوونى ئاوى زێى بچووک لە سنوورى پشدەر... وێنە: هیوا مەحمود
نزیکەى 900 ملیم
لە ئیدارەى راپەڕین چەند قاتى پار باران باریوە؛ قەڵادزێ یەکەمە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی راپەڕین – بەشی کەشناسی کشتوکاڵی، ئاماری بڕی بارانبارینی ئەمساڵی تاوەکو ئەمڕۆ 15ـی ئاداری 2026 بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، رێژەی بارانبارین لە تەواوی ناوچەکانی سنوورەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی پێوانەیی و چەند هێندە زیادیکردووە.
لە خشتەکەی کەشناسی کشتوکاڵی راپەڕیندا کە بەراوردی نێوان ئەمساڵ و ساڵی رابردووی تێدا کراوە، دەردەکەوێت لە سەرجەم 10 وێستگەکەی سنوورەکەدا، جیاوازییەکی گەورە هەیە، بە جۆرێک لە هەموو ناوچەکان رێژەی زیادبوونەکە لە سەروو 525 ملم-ەوەیە.
گەورەترین جیاوازی و زیادبوون لە رێژەی بارانبارین لە ناوچەی سەروچاوە تۆمارکراوە، کە ئەمساڵ 676.1 ملم بارانی زیاتر لێ باریوە بەراورد بە ساڵی پار. هەروەها لە قەڵادزێش 620.5 ملم زیاتر باریوە.
پێنج ناوچە کە زۆرترین بارانیان لێ باریوە بۆ ئەمساڵ:
بەپێی داتاکان، ریزبەندی ئەو پێنج ناوچەیەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە تاوەکو ئێستا زۆرترین بڕی بارانیان لێ باریوە بەم شێوەیەیە:
1. قەڵادزێ: 864 ملم (لە کاتێکدا ساڵی پار تەنها 243.5 ملم باریبوو).
2. سەروچاوە: 847.7 ملم (لە کاتێکدا ساڵی پار تەنها 171.6 ملم باریبوو).
3. سەرکەپکان: 834.4 ملم (لە کاتێکدا ساڵی پار تەنها 204.3 ملم باریبوو).
4. سەنگەسەر: 790 ملم (لە کاتێکدا ساڵی پار تەنها 191 ملم باریبوو).
5. حاجیاوا: 779.1 ملم (لە کاتێکدا ساڵی پار تەنها 176.6 ملم باریبوو).
لە ناوەندی قەزای رانیەش تاوەکو ئێستا 702 ملم باران باریوە، کە جیاوازییەکەی لەگەڵ ساڵی پار 535.7 ملم زیاترە. هەروەها جگە لە باران، لە بەشێک لە ناوچەکان رێژەیەکی باش بەفر باریوە کە بۆ ئەمساڵ لە قەڵادزێ گەیشتووەتە 39 سم، لە سەرکەپکان 24 سم و لە ژاراوە 23 سم بووە.