لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان _ گرافیک: 964
حکومەتی هەرێم:
“پێویستە سنوورێک بۆ ئەو گروپە لەیاسادەرچووانە دابنرێت کە بوونەتە هەڕەشە بۆ خەڵکی کوردستان”
964+
شۆڕش قادری
حکومەتی هەرێم ئیدانەی هێرشەکان بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “بەتوندترین شێوە هێرشکردنەسەر کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان و هەروەها خاک و دامەزراوەکانی کوردستان شەرمەزار دەکەین”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گروپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر خەڵکی کوردستان.
دەقی راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم لە خوارەوە؛
حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکات.
ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/14