زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکانی لە دوبەی داخلی کوردستان دەبن تێیاندا نییە
بڕیارەکەی حکومەت بەردی ئەگزۆزی کردە مەرجێکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل
964+
فەرمان سادق
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نرخی بەردی ئەگزۆزی گران نەک هەر کردووە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە مەرجەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل.
لەسەر داوای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14ـی مانگی رابردوو بڕیارىدا ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە بەردی ئەگزۆزیان دەرهێنراوە تۆمار ناکرێت.
ئەو بەردانە لە سناعەکانی کوردستان هەن، بەردی ئەگزۆزی ئەمەریکی، تورکی، چینی، ئێرانی و تایلەندییە.
گرانترینیان، ئەمەریکیەکەیە کە نرخەکەی دەگاتە سەرووی 400 دۆلاری ئەمەریکی، هەرچی چینییەکەیە هەیانە بە 25 هەزار دینار.
زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوبەی داخڵی کوردستان دەکرێن بەردی ئەگزۆزیان لێ دەرهێنراوە
سێ جۆر ئۆتۆمبێل داخڵی کوردستان دەبن، ئەوانەی بە سفری کۆمپانیایەکان دەیهێنن، ئەوانەی لە ئەوروپاوە دێن و ئەوانەشی لە بازاڕی دەستی دووی ئەمریکی دەکڕدرێت و لەڕێگای دوبەی داخڵی کوردستان دەکرێن.
بازیار محەمەد، یەکێک لە بریکارانی هاوردەکردنی بەردی ئەگزۆز قسەی بۆ 964 کردووە و ئەوە رووندەکاتەوە کە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوبەی داخڵی کوردستان دەکرێن بەردی ئەگزۆزیان لێ دەرهێنراوە.
زیاتر وتیشی “لە دوبەی دەریدەهێن و بە 100 بۆ 200 دۆلار دەیفرۆشنەوە”.
بازیار محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا کە بەردی ئەمریکی کە نرخەکەی دەگاتە 400 دۆلار زیاتر، وەک بەردی ئۆرجیناڵ وایە و تەمەنی لەگەڵ تەمەنی ئۆتۆمبێلەکەیە، هەرچی ئەوانی دیکەن، تەمەنیان کورتە.
“ئەوەی چینییەکە کە بە 25 هەزارە تەمەنی لە سێ مانگ بۆ ساڵێکە، دەبێت دیسان بگۆڕدرێت”.
پشکنین بۆ بەردی ئەگزۆز لەلای گزۆزچییەکان زیادی کردووە
لای خۆیەوە وەستا نەوزاد گزۆزچی بە 964ـی وت، ئەگەر ئەگزۆزەکە بەردی تێدا نەبێت ئەوا ئاماژەی گڵۆپی مەکینە لەناو ئۆتۆمبێلەکە دادەگیرسێت، تەنانەت ئەگەر بەدی چینی و تورکیش ببەستی، زۆرجار گڵۆپەکە ناکوژێتەوە.
زیاتر وتی “هێشتا بڕیارەکە ئەو کاریگەرییەی لەسەر بازاڕ دروست نەکردووە، بەڵام ئێستا پشکنین بۆ بەردی ئەگزۆز لەلای گزۆزچییەکان زیادی کردووە و رۆژانە کڕیارانی ئۆتۆمبێل سەردانمان دەکەن”.
سەفین خەلیفانی، یەکێکە لەوانەی کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات بە 964ـی وت، ئێستا لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، لەکاتی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پشکنین بۆ بەردی ئەگزۆزیش دەکرێت، کە پێشتر ئەوە نەبوو.
زیاتر وتی “بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کاریگەری دروستکردووە”.
سەفین خەلیفانی، ئەوەشی روونکردەوە کە بەردی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێلێکی وەک ئۆباما نرخەکەی دەگاتە 1200 دۆلار، ئۆتۆمبێلێکی وەک سێنترا دەگاتە 800 دۆلار، بەڵام ئێرانییەکەی هەر مەرغوب نییە، زیاتر خەڵک چینییەکە دەکڕێت بەهۆی هەرزانییەوە.
بەردی ئەگزۆزی ئۆباما دەگاتە 1200 دۆلار
بەردی ئەگزۆز، بە قسەی شارەزایانی ئۆتۆمبێل بێت جگە لە زیانە ژینگەیەکەی ئەوا کاریگەری زۆر لەسەر توانا و هەڵمەتی ئۆتۆمبێل دادەنێت و مەکینەکەی ئۆتۆمبێلەکە بەنزین و سووتەمەنی تا دوو هێندە زیاتر دەسووتێنێت.