دیمهنێ جوتیارێكى سنوورى حاجیاوا لهكاتى پاڕانهوهى بۆ باران بارین... وێنه: ئاکام عزیز
لەمڕۆوە
شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن
964+
وریا فەتاح
بەپێی نوێترین پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، بڕیارە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە گۆڕانکاری لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا رووبدات و سبەی شەممەش شەپۆلێکی فراوانی بارانبارین سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی (13ی ئاداری 2026)، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نمە باران و بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و لە هەندێک کاتیشدا هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێى ئەوەى کەشناسى پێشبینى بۆ کردووە، پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژی رابردوو دەبن.
لەبارەی کەشی سبەی شەممە (14ی ئاداری 2026)، پێشبینی دەکرێت ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، سەرەتا بە نمە باران دەستپێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەی زیاد دەکات، بە جۆرێک بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و بەردەوامی دەبێت.
بەهۆی کاریگەری ئەم شەپۆلەوە، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ (1 تا 3) پلە نزمدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو (بە پلەی سیلیزی) بۆ ئەمڕۆ و سبەی بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: ئەمڕۆ 19 پلە / سبەی 17 پلە
سلێمانی: ئەمڕۆ 17 پلە / سبەی 14 پلە
دهۆک: ئەمڕۆ 19 پلە / سبەی 17 پلە
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 19 پلە / سبەی 17 پلە
زاخۆ: ئەمڕۆ 20 پلە / سبەی 17 پلە
گەرمیان: ئەمڕۆ 21 پلە / سبەی 19 پلە
سۆران: ئەمڕۆ 16 پلە / سبەی 13 پلە
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 19 پلە / سبەی 16 پلە
پیرمام: ئەمڕۆ 15 پلە / سبەی 12 پلە
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 2 پلە / سبەی 2 پلە