برینداریشیان هەیە

ماکرۆن؛ کوژرانى فەرماندەیەکی باڵای وڵاتەکەى لە هەولێر راگەیاند

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ 14 رۆژى جەنگەکەیە و لەگەڵ تێپەڕبوونى کات، لێکەوتە سەربازییەکانی جەنگی نێوان هاوپەیمانان (ئەمریکا و ئیسرائیل) دژى ئێران، لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق قووڵتر دەبنەوە. شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی نوێ بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، زیانی گیانی گەورە بەر هێزەکانی فەرەنسا کەوت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە فەرمی کوژرانی (ئارنۆ فریۆن)، جێگری فەرماندەی فەوجێکی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر راگەیاند. ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد کە چەند سەربازێکی دیکەی فەرەنسی لە هەمان هێرشدا بریندار بوون.

سەرۆکى فەرەنسا، جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە “بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نین و ئاشکراشى کرد کە هێزەکانیان لە ساڵی 2015ـەوە تەنها بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراقن.

هۆشداریشى دا کە “نابێت شەڕ لە ئێران بکرێتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانیان”.

هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکدا لە شەوى چوارشەممە بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.

ژمارەیەک سەربازى ئەمریکى لە هەولێر بریندار بوون

ژمارەیەک سەربازى ئەمریکى لە هەولێر بریندار بوون