کارەبای نیشتمانی قەزای کفری دەبڕدرێت
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەهۆی چاکسازیی لە وێستگەی بەرهەمهێنای کارەبای حەسیرە، قەزای کفری بێبەش دەبێت لە کارەبای نیشتمانی.
وێستەگەی کارەبای 161 مێگاواتی حەسیرە، کارەبا بۆ دەڤەری گەرمیان بەشێوەیەکی گشتی دابین دەکات، بەڵام بەهۆی چاکسازیی لە هەندێ کێبڵ و پاککردنەوەی، سبەی دووشەممە 13.3.2023 لە کارکردن دەوەستێت و بەمهۆیەوە قەزی کفری کارەبای نیشتمانی نابێت.
تۆڕی 964 دەزانێت، کارەبای مۆلیدە لە سنوورەکە هیچ کێشەیەکی نابێت و بە پێی خشتەی دیاریکراوی خۆیان کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدەن.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان بە 964ـی وت، نەک هەر کارەبای کفری، بەڵکو کەلاریش لەسەر هەمان وێستگەیە و کارەبای نابێت، بەڵام ئەوان خەتێکی تریان لە دەربەندیخانەوە هەیە و کێشەی نەبوونی کارەبایان نابێت.
زیاتر وتیشی “کارەبا بڕینەکە بۆ یەک رۆژە و سێشەممە وزەی کارەبایان پێدەگاتەوە”.
قەزای کفری، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە و شەش ناحیەی هەیە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 50 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق