شەڕە ئیتر

نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای ئەوەی دوایین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوتی بە رێژەی نزیکەی 9% بەرزکردەوە، بۆ جارێکی دیکە نرخی بەرمیلێک نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 100 دۆلار و 76 سەنت بازدانی بەخۆیەوە بینی، هاوکات نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی مامناوەند بە رێژەی 8% بەرزبووەوە و گەیشتە 95 دۆلار و 03 سەنت.

ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند کە 32 وڵاتی ئەندامەکەی بە کۆی دەنگ رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خۆیان، کە گەورەترین ئازادکردنی لەو جۆرەیە لە مێژووی خۆیدا.

ئەمەش شەشەمجارە کە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هەماهەنگی بکات بۆ ئازادکردنی نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکانی لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1974ەوە.

ئەندامانی ئاژانسەکە زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل لە کۆگای فریاگوزاریدا هەڵدەگرن، ئەمە جگە لەوەی 600 ملیۆن بەرمیل لەلایەن کۆمپانیاکانی ژێر بۆندەکانی حکومەتەوە لەبەردەستدایە.

وەزارەتی وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەنیازە لە هەفتەی داهاتووەوە وردە وردە 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی خۆی ئازاد بکات، چونکە بازاڕی نەوت بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تووشی گێژاو بووە.

ئامادەبن نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 200 دۆلار

ئامادەبن نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 200 دۆلار