وێنە: گەرمیان؛ گووگڵ
زەویی گیراوانی ئەنفال تاپۆ دەکرێن
هونەر فارس – گەرمیان
دوای چوار ساڵ لە چاوەڕوانی، بەشێک لە زیندانیانی ئەنفال زەوییەکانیان بۆ تاپۆ دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستە ئیدارەی گەرمیان رۆژی سێشەممە دەست بە مامەڵەکانیان دەکات.
جەلال شیخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆی 843 زەوی کە دراون بە زیندانیانی ئەنفال لە ناحیەی رزگاری لە کەلار، 427ـیان تاپۆ دەکرێن.
لە رۆژی سێشەممە 14.3.2023ـەوە مامەڵەی تاپۆی زەوییەکان دەستپێدەکات و رۆژانەش 25 هاوڵاتی مامەڵەی تاپۆی زەوییەکانیان بۆ دەکرێت.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی 2018 بۆ زیندانیانی سیاسی دەرچوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 زەوییەکانیان بەسەدا دابەشکرا بەشێوەی هەوایی، واتە تەنها رەقەمێکیان پێدرا بەبێ ئەوەی زەوییەکانیان دیار بێت و تاپۆکرابێت، لەوکاتەشەوە تا ئێستا لە هەوڵی تاپۆکردنی زەوییەکانیاندان.
محەمەد حەمید، یەکێکە لە نوێنەری زیندانیانی ئەنفال، بە وتەی خۆی لە شاڵاوی ئەنفالدا هەشت مانگ و 21 رۆژ لە زیندانی نوگرە سەلماندا ژیانی گوزەراندووە، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، “زیندانیانی ئەنفال ئومێدیان بەو زەويیانە نەمابوو، بە تاپۆکردنی زەویيەکانیان ئاهێکیان بەبەردا دێتەوە.”
بڕیاری تاپۆکردنەکە، تەنيا ئەو زەويیانە دەگرێتەوە، کە لە ناحیەی رزگاری بەسەر زیندانیانی ئەنفالدا دابەش کراون، گرفتی زەویی زیندانیانی سیاسی کەلار هێشتا وەک خۆیەتی.
تەها هەوارەبەرزە-یش، زیندانی سیاسییە و زەوییەکەی لە کەلارە، دوای سێ ساڵ لە دابەشکردنی تا ئێستا نازانێت کامە زەوییەکەی خۆیەتی، باس لەوەش دەکات، ئەوەی گرفتە لە بەردەم تاپۆكردنی زەوییەکانی ئەواندا تەنيا قەرەبوونەکردنەوەی ئەو باخ و زەوییە کشتوکاڵیيانەیە، کە خراونەتە سەر شارەوانی و بڕیارە بەسەر ئەواندا دابەش بکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر