تاران بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە لێدەخوڕێت

پزیشکیان داواى لێبووردن دەکات؛ پاسداران بە موشەک و درۆن وەڵامى دەدەنەوە

964+
وریا فەتاح

ئەمڕۆ شەممە 7ی ئازاری 2026، رووداوێک لە تاران روویدا کە بە روونی ئەوەی سەلماند؛ لە دوای “کوژرانى رابەر”، قسەى سەرۆک کۆمار لە نیو کاژتمێر زیاتر، بڕ ناکات.
نەماوە.

کاتژمێر 10:21 خولەکی بەیانی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە دەنگێکی نزم و پەیامێکی نەرمەوە دەرکەوت. ئەو رایگەیاند کە “ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی” بڕیاریداوە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ راگرێت، بەو مەرجەی ئەوان نەبنە سەرچاوەی هێرش. ئەمە وەک جۆرێک لە “داوای لێبوردن و پاڕانەوە” لێکدرایەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان.

هێشتا مەرەکەبی بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار وشک نەبووبووەوە، کاتژمێر 10:53 خولەک (واتە تەنیا 32 خولەک دواتر)، ئاژانسی تەسنیم کە زمانحاڵی سوپای پاسدارانە، هەواڵێکی پێچەوانەی بڵاوکردەوە: “شەپۆلێکی نوێی موشەک و درۆن ئاڕاستەی قەتەر و بەحرەین کران”.
ئەمە زللـەیەکی سیاسی بوو لە دەسەڵاتی پزیشکیان و پەیامێک بوو کە “بڕیار لای فەرماندەکانە نەک سیاسەتمەدارەکان”.

ئەم ناکۆکییە ریشەی هەیە، چەند رۆژێک پێش ئێستا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاشکرا وتی: “هێرشەکان پەیوەندیان بە پاسدارانەوە هەیە نەک سلکى سیاسیى و دیپلۆماسى”.

پێشتر سوپای پاسداران راستەوخۆ فەرمانی لە “عەلی خامنەیی” وەردەگرت، بەڵام ئێستا کە رابەر نەماوە، دیار نییە کێ فەرماندەیی دەکات، بۆیە دۆخەکە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە سوپا خۆی بڕیاردەر بێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم دووڕووییەی تارانی قۆستەوە. لە پەیامێکی تونددا رایگەیاند: “ئێران چیتر ئەو ملهوڕە نییە، بەڵکو بووەتە دۆڕاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

ترەمپ داوای لێبوردنەکەی پزیشکیانی وەک نیشانەی شکست وەسف کرد و هەڕەشەی کرد کە “ئەمڕۆ ئامانجی نوێ و وێرانکەر دەپێکین کە پێشتر دەستمان بۆ نەبردوون”.

ترامپ: ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت

ترامپ: ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت