شەوانی رەمەزان خەڵکی شار کۆدەکاتەوە

سلێمانی؛ فێستیڤاڵێک دڵەڕاوکێی شەڕ دەڕەوێنێتەوە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

سەرەڕای ناسەقامگیریی دۆخەکە و مەترسیی موشەکەکان، لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵی “شەوانی رەمەزان” کراوەتەوە و بووەتە پەناگەیەک بۆ هاوڵاتییان تا بۆ چەند کاتژمێرێک لە فشاری دەروونیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دووربکەونەوە، خەڵکێکی زۆر شەوانە روو لە فێستیڤاڵەکە دەکەن تا ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی بەهۆی بارودۆخەکەوە دروستبووە، کەمێک بڕەوێننەوە.

دیلان یوسف، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بۆ 964 وتی، ئامانجمان ئەوەیە خەڵکی لەو قەلەقی و نیگەرانییەی جەنگ دووربخەینەوە و ژینگەیەکی ئارامیان بۆ دابین بکەین کە موزیک و خواردنی تێدایە، ئاماژەی بەوەش کرد کە فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە و تا جەژنی نەورۆز بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵک بۆ ماوەیەک لە فشارە دەروونییەکان دوور بکەونەوە.

دوو لە سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکەش دەڵێن، فێستیڤاڵەکە شوێنێکی باشە بۆ ئەوەی لەو کەشی جەنگە دووربکەونەوە کە ئێستا بەهۆی تێپەڕبوونی موشەکەکان بە ئاسمانی شارەکەدا دروستبووە، یەکێک لەو هاوڵاتییانە وتی: “ئێمەی خەڵکی سلێمانی لەوەتەی هەین بە شەڕ و دۆخی ناهەمواردا تێپەڕیوین و پێی راهاتووین، بۆیە بەرگە دەگرین و بێئومێد نین لە داهاتوو.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر